هەنگوینی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان، بەپێی دوایین ئامارەکان و بەشدارییەکان لە فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکاندا، بە یەکێک لە باشترین جۆرەکانی هەنگوین لە جیهاندا دادەنرێت. ئەمەش بە بڕوای شارەزایان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەرهەمهێنانەکەی پشت بە دار و گوڵە کێوییە شاخاوییەکان و پاکوخاوێنیی ژینگە دەبەستێت، کە وای لێکردووە لە تام و بۆندا بێوێنە بێت.
شیلەی گوڵی زێڕینی کوردستان لە دڵی چیاکانمانەوە، لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و دۆڵ و دەشتە بەرینەکانمانەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەم هەنگوینە ڕێزلێنانێکە بۆ خاکەکەمان و ڕەنگدانەوەی سەدەها ساڵە لەو پەیوەندییە ئەزەلییەی نێوان سروشتە پاک و بەخشندەکەمان و لێهاتوویی هەنگەوانانی کوردستان
هەنگوینی چیاکانی پێنجوێن و شارباژێڕ و قەندیل، کە دەوڵەمەندن بە ڕووەکی پزیشکی و بۆنخۆش. وەک دەزانن زۆربەی دەرمانەکانی سەر زەوی لە ڕووەک و دارەکانەوە بەرهەم دەهێنرێن، بەتایبەت ئەو ڕووەکانەی بە سروشتی دەڕوێن و هەنگەکان شیلە و هەڵاڵە و بەرەمێو لێ کۆدەکەنەوە